تابلۆی جیهانی جێگرەوەکان، بەیاننامەی گەلانی باندۆنگ
دەرچووە دوای دووەمین کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی “تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان” کە لە باندونگ، ئیندۆنیزیا، لە ١١-١٧ی نیسانی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو.
ئەم بەیاننامەیە دوای دووەمین کۆبوونەوەی تابلۆی جیهانی جێگرەوەکان کە لە نێوان ١١ تا ١٧ی نیسانی ٢٠٢٦ لە شاری باندۆنگ، ئیندۆنیسیا، بەڕێوە چوو، بڵاوکراوەتەوە.
تابلۆی جیهانی جێگرەوەکان، بەیاننامەی گەلانی باندۆنگ بۆ هەموو گەلانی جیهان بۆ هەموو ئەو مرۆڤانەی کە دژی هەموو جۆرە ستەم و نادادپەروەرییەک تێدەکۆشن، بۆ هەموو جۆرەکانی ژیان و هەموو ئەندامانی تۆڕی ژیان لەسەر ئەم هەسارەیە، بۆ حکومەتەکان، دەوڵەت-نەتەوەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان. مرۆڤایەتی و هەموو ئەندامانی تۆڕی ژیان لەسەر هەسارەی زەوی، لە ناوجەرگەی داڕمانێکی کارەساتباری ئیکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و کلتووری و ئابووریدا دەژین. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەمڕۆمان ڕۆژ بە ڕۆژ تاریکتر دەبێت، بەڵام هێشتا زۆر خاڵی ڕووناک هەن، ئەوانەی بۆ بەردەوامبوونی ژیان تێدەکۆشن، ڕووبەڕووی ڕەگ و ڕیشەی ئەو قەیرانانە دەبنەوە و داهاتوویەکی پرشنگدارتر بنیات دەنێن. ئێمە ئەم بەیاننامەیە پێشکەش دەکەین بەو تێکۆشانانەی بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و شکۆ و ئازادی، خەبات دەکەن.
بە ئامادەبوونی حەفتا بەشداربوو کە نوێنەرایەتی بیست و پێنج وڵات و نەتەوە، کۆمەڵگە و ڕێکخراو و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و تۆڕە جۆراوجۆرەکانیان دەکرد، تابلۆی جیهانی جێگرەوەکان-جی تی ئەی دووەم کۆبوونەوەی خۆی لە ١١ تا ١٧ی مانگی چواری ٢٠٢٦، لە شاری باندۆنگی ئەندۆنیسیا ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە لە ناوجەرگەی دارستانێکی باراناویی، دەورەدراو بە درەختی چڕ و شاخی گڕکان، ئەنجامدرا. بە ڕێنوێنی رێورەسم و نەریتی گەلانی رەسەن، کۆبووینەوە بۆ ئەوەی ئەزموونەکانمان لەگەڵ یەکتر هاوبەش بکەین، یەکتر بەهێز بکەین. پێکەوە لەسەر بنیاتنانی جێگرەوەیەکی زەمینی و دادپەروەر و هاوسەنگ لەگەڵ سروشت، گفتوگۆ بکەین. ئەم جێگرەوانە هەوڵ دەدەن لە سیستەمی باڵادەست جیاببنەوە و ڕێگا بۆ شێوازی ڕاستەوخۆ و ڕیشەییانەی دیموکراسیی سیاسی و ئابووری بکەنەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆیی پشت بەخۆیان ببەستن، بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانیی کۆمەڵایەتی، فرەجۆریی کولتووری و زانیین، بەرزکردنەوەی توانای خۆگونجاندنی کۆمەڵگە و ژینگە بۆ بەردەوامبوون لە هەموو لایەنەکانی ژیان، کە لە ناو بنەمای سەرەکیی ئەم جێگرەوانەدان. ئەم جێگرەوانە بریتین لەو دەستپێشخەرییانەی بە پێشەنگایەتی کۆمەڵگە تیشکیان خستۆتە سەر کشتوکاڵی سروشتی و سەروەری ئاو و وزە و خۆراک و پەیڕەکردنی ئابووریی هاوپشتی و ئەو شێوازانەی کرێکاران تێیاندا کۆنتڕۆڵی بەرهەم و کارەکانی خۆیان دەکەن. هەروەها، بەرگری لە سەرچاوە و زانیاریی هاوبەش و ڕێزگرتن لە مافەکانی سروشت و مافە مرۆییەکانی تاک و کۆمەڵ، پەرەپێدانی ئاشتی و پێکەوەژیانی نێوان مرۆڤ و بوونەوەرەکان و دامەزراندنی دیموکراسیی ڕیشەیی و پشتیوانیکردن لە پرۆسە فراوانەکانی سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین. لەم پرۆسانەدا، کۆمەڵگەکان هەوڵدەدەن خۆیان بەڕێوەببەن و پەیوەندییەکانی چاودێری و بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕکردن لە ژیانی ڕۆژانەدا بەشێوەیەکی دیموکراتیک و هاوبەش ڕێکبخەنەوە.
حەفتا و یەک ساڵ دوای کۆنفرانسی باندۆنگی ساڵی ١٩٥٥ کاتێک نوێنەرانی ٢٩ وڵاتی ئاسیا و ئەفریکا لە یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوەکانی هاوپشتیی دژەداگیرکاری و بێلایەنی بەرامبەر بە هاوپەیمانییەکانی جەنگی سارد کۆبوونەوە، ئێمە ئەمڕۆ بە باوەڕێکی پتەوەوە بۆ باندۆنگ گەڕاینەوە و بڕوامان وایە کە ڕۆحی باندۆنگ هێشتا زیندووە. ئەم ڕۆحە، ڕۆحی بەرەنگارییە بەرامبەر بە داگیرکاری و ئیمپریالیزم و دابەشکردنی جیهان بەسەر بلۆکەکانی جەنگی سارددا. باندۆنگ سەلماندی کە هاوپشتیی نێوان گەلان و هەرێمەکان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی ئیمپریالیستی، هەنگاوێکی مومکینە. ئەم ڕۆحە تەنیا بەرهەمی دیپلۆماسیی دەوڵەتان نەبوو. بەڵکو لەلایەن ڕێکخستنی هاوبەشی ژنان، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و خەڵکیشەوە شێوەی گرت، بەڵام ئەو بەشدارییە دژە ئیمپریالیستییانە زۆرجار لە مێژوو و یادەوەریی گشتی سڕاونەتەوە یان پشتگوێ خراون. کۆنفرانسی ژنان لە ئاسیا لە ساڵی ١٩٤٩ خەباتی دژە ئیمپریالیستی و ئاڵنگاری دەسەڵاتی، بەهێزتر کرد، لە گردبوونەوەی جەماوەری و شیکاریی چینایەتی و ڕەگەزی و داگیرکارییان دەستنیشان کرد، پشتیان بە هاوپشتی جیهانی ژنان بەست. بەداخەوە بەشدارییەکی جەوهەری و چوارچێوەیەکی سنوردار لەلایەن ژنانەوە لە کۆنفرانسی باندۆنگدا نەبوو، بەڵام کۆنفرانس ژنانی ئاسیا و ئەفریکا ساڵی ١٩٥٨ لە کۆڵۆمبۆ درێژەی بە داڕشتنی پڕۆژەی باندۆنگ دا و زۆرجار بە “ باندۆنگی ژنان ” ناودەبرێت.
ڕۆحی باندۆنگ وتاری دەوڵەت، سیاسەتەکانی حکومەت، یان بەیاننامەی دیپلۆماتەکان تێدەپەڕێنێت. هاوکات پرۆسەی پێش و دوای ساڵی ١٩٥٥ بە شێوەیەکی زۆر لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوەکان و تێگەیشتنە باوەکانی «گەشەپێدان» بنیات نرابوو، کە هەردووکیان بە قووڵی لە ژێر کاریگەری سیستەمی پیاوسالاریدا بوون. ئەم بنەمایانە بوونە هۆی سنوورداربوونی بەردەوامی بەڵێنی ڕەسەنی باندۆنگ.
ئێمە ئەمڕۆ بە ئاسۆیەکی دیکەوە کۆبووینەوە نەک داهاتوویەک کە لەلایەن دەوڵەت-نەتەوە یان داواکارییەکانی گەشەپێدانەوە شێوەی پێ بدرێت، بەڵکو داهاتوویەک کە لەسەر ژیانێکی بەشکۆ و پڕمانا بنیات نرابێت، داهاتوویەک لەسەر فرەچەشنیی شێوازەکانی بوون، زانین، هەبوون و پەیوەندی لەگەڵ جیهان، و هەروەها لەسەر پەیوەندییەکانی هاوبەشی، هاوپشتی و چاودێری لەنێوان مرۆڤ و هەموو ئەو بوونانەی کە مرۆڤ نین، دامەزرابێت.کۆبوونەوەی گشتی جی تی ئەی لە کاتێکدا ئەنجام درا کە جیهان ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی شارستانییەت بۆتەوە. جەنگ و میلیتاریزەکردن بەردەوام لە فراوانبووندان، دەسەڵاتخوازی و فاشیزم بەهێزتر دەبن، و قەیرانی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی تاڵانکردنی سیستەماتیکی سەرچاوە سروشتییەکان، ئاوارەکردنی خەڵک، تاوانبارکردنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و پارێزەرانی زەوی، و وێرانکردنی ناوچەکان، خراپتر بووە. هەروەها چەندین قەیرانی دیکە هەن کە کاریگەرییان بە شێوەیەکی نایەکسان لەسەر ژنان، ڕەگەزە جیاوازەکانی دیکە و گرووپە پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە دەردەکەوێت. قەیرانێک کە لە ناو شێوەکانی توندوتیژیی بوونیادیی، سیستەمی و گوتارییدا چێنراوە. ئەم بارودۆخانە دەروازە بۆ بڵاوبوونەوەی ئایدیۆلۆژیای باڵی ڕاستی توندڕەو دەکەنەوە، هەستی قین و ناڕەزایەتیی بە تایبەتی لە نێوان پیاوانی سپیپێست، بەرهەم دەهێنن. هەستێک کە زۆرجار لەلایەن ڕاستی توندڕەو بۆ کاریگەری دانان لەسەر خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنرێت، سیاسەتە گشتییەکان و هەڵبژاردنی سەربازی و هاوپەیمانییە دەسەڵاتخوازەکان و تەنانەت ئیمپریالیزمی دیجیتاڵی کە بە شێوەیەکی جیهانی بڵاودەکرێتەوە.
جینۆسایدی بەردەوام لە غەززە یەکێکە لە ڕوونترین نموونەکانی سیستەمی چەوساندنەوە و نادادپەروەری کە کەڵەکەکردنی سامان لە ڕێگەی زەوتکردنی ماف و سەرمایەی خەڵک، لە دەربەدەری و دەرکردنەوەوە تا قڕکردنی گەلان لە زێدیاندا تا کوشتاری گەلان لە ئەمریکا، ئاسیا، ئەفریقا و ئۆقیانوسیا، هەروەها بە دەستبەسەراگرتنی زەوی، جەستە و ژیانی ئەوانەی بە بێبایەخ دەزانرێن. دابڕانی مرۆڤ لە سروشت، کە ڕەگ و ڕیشەی لە نکۆڵیکردن لە پەیوەندی و پێویستی مرۆڤ بە بوونەوەرەکانی تر و مافی ئەوان بۆ بەردەوامبوونی ژیان هەیە، کاریگەریی کارەساتباری بەرهەم هێناوە، لەوانە لەناوچوونی بەکۆمەڵی جۆرە زیندەوەرەکان.ئەم شێوازی شارستانییە هێشتا بەردەوامە، ئەوەی هاوڕێیانی ماپوچە لە والماپو ناویدەنێن «Terricide» واتە کۆبوونەوەی جەنگ، جینۆساید، ئیکۆساید و لەناوبردنی ناسنامە و کولتووری گەلان لە ڕێگای میلیتاریزەکردن، داگیرکاری، تاڵانکردنی سیستەماتیکی سەرچاوە سروشتییەکان، توندوتیژی دژ بە ژنان و گرووپی ڕەگەزە جیاوازەکان و ناساندنی تەواوی هەرێم و گەلان وەک ناوچەی قوربانی. لە هەمان کاتدا، ڕووبەڕووی قەیرانێکی دیکە دەبینەوە کە قەیرانی مانا و مەبەستی ژیانە و تایبەتمەندییەکانی بریتین لە تاکپەرستیی زۆر و تەنیایی و ترس و لەدەستدانی ئاسۆی هاوبەش و لاوازبوونی پابەندییە ئەخلاقی و سیاسییەکان. لە ئەنجامدا شێوازی تەواوی ژیان لە مەترسیدایە، لە کاتێکدا فرەچەشنیی زیندەوەران و زمانەکان و بیرەوەرییەکان و تێڕوانینە جیهانییەکان بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی لە ناوبردندان.
ئەم زیان و کارەساتانە قبوڵ ناکرێن و پێویستە بەرەنگاریی ببینەوە. ئەم بانگەوازە بۆ کردار لە هەر کاتێکی تر پێویستترە، چونکە زۆرێک لەو “چارەسەرانەی” حکومەتەکان پەیڕەوی دەکەن وەک “گواستنەوەی سەوز” یان ئەو سیاسەتانەی دادپەروەری لە ڕێگای بازاڕ یان دامەزراوەکانی دەوڵەت-نەتەوەدا پێشکەش دەکەن. لە ڕاستیدا هەمان ئەو ستەمەی سیستەمە و دووبارە نادادپەروەری بەرهەم دەهێننەوە یان بەهێزتری دەکەن. بەرخۆدان نەک تەنیا هەر لە بەرامبەر چڕبوونەوەی تاڵانکردنی ئەو خاکانەی کە وەک ناوچەی قوربانی دیاریکراون، بەڵکو لە دژی لەناوبردنی زانست و گەل و زمانەکانیش پێویستە. بە پچڕاندنی مۆنۆلۆگی گەشەپێدان، کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە تەنیا یەک ڕێگەی “باڵاتر” بۆ زانین و بوون و ئەنجامدان هەیە، خەباتەکان لە سەرانسەری جیهاندا ئەو شتانە وەردەگرنەوە کە بە “بەسەرچوو” یان “نەبینراو” ناسێنراون وەک وشە، زمان، زانین و شێوازی ژیان کە کارگەی گەشەپێدان هەوڵی سڕینەوەی داوە. وەڵامی ئێمە بە ناوهێنانی ئەم واقیعە بە ڕوونی و ڕەتکردنەوەی ئاساییکردنەوەی و ڕێکخستنی بەرخۆدان و کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستمانەیەکە بە ناوی ڕزگارییەکی تەواوەوە دەستپێدەکات: ئەو قەناعەتەی کە هیچ بوونەوەرێک، مرۆڤێک، خاکێک، یان ئیکۆسیستەمێک ناتوانێت ئازاد بێت لە کاتێکدا سیستەمەکانی پلەبەندی، رەتاندن، یان هەژموون وەک خۆیان دەمێننەوە.
یەکێک لە نموونەکانی بەرخۆدانی ڕێکخراو، کۆمەڵگەی ڕەسەنی سوندا ویویتان (Sunda Wiwitan) بوو لە خاکی خۆیاندا و لە میانی کۆبوونەوەکەدا میواندارییان کردین. مێژووی ئەوان لە پێش دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەی ئەندۆنیسیا دەست پێدەکات و خاوەنی تێڕوانینی تایبەت بۆ جیهان و بەها و باوەڕ و یاسای نەریت و زێدی داپیران و باپیران و شێوازی پاراستنی بەردەوامی نێوان نەوەکانن. بەڵام هێشتا داوای دانپیادانانی تەواو و پاراستنی یاسایی لە ئاستی هەرێمی و نیشتمانی دەکەن. نەبوونی ئەم دانپیادانانە بووەتە هۆی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان، وەک نادادپەروەری لەسەر زێدی داپیران و باپیران، مافی دەستگەیشتن بە زەوی و هۆکارەکانی ژیان، و پاراستنی ناسنامەی کولتووری، ڕۆحانیەت و شێوازی ژیانیان. تێکۆشان و خەباتی ئەوان، کە پەیوەستە بە خەباتی زۆر کۆمەڵگە و بزووتنەوەی دیکە کە لە کۆبوونەوەی جی تی ئەی و لە سەرانسەری تۆڕەکەدا بەشدارن و ئامادەییان هەیە، ئەوەمان پێ دەڵێت کە گۆڕانکاری تەنیا بیرۆکەیەک یان تەنیا تیۆرییەک نییە. بەڵکو پرۆسەیەکی زیندووە و ئێستا لەلایەن گەلان و کۆمەڵگە جیاوازەکان و کۆمەڵە هەرەوەزییەکان و فێرگە سەربەخۆکان و تۆڕەکانی چاودێری و پارێزەرانی ئاو و خۆراک و پرۆسەکانی چارەسەری و ساڕێژکردن و دەستپێشخەرییەکانی بەرگری لە خاک بە شێوەیەکی پراکتیکی جێبەجێ دەکرێت. ئەم خەباتانە دژی گوێنەدان و پشتگوێخستنی دەوڵەت، سڕینەوەی داگیرکاری و مۆدێلە زۆرەملێیەکانی گەشەپێدان دەوەستنەوە، و هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانی ژیان لەسەر بنەمای هاوبەشی، چاودێری و سەربەخۆیی دووبارە ڕێکبخەنەوە.
لە ئەم بارودۆخەدا، جی تی ئەی کە لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزرا، یارمەتیدەر بووە لە بنیاتنانی پرۆسەیەکی زیندوو بۆ یەکگرتن، گۆڕینەوەی ئەزموون و بەهێزکردنی هاوپشتی لە نێوان بزووتنەوەکان، کۆمەڵگە و تۆڕەکانی کارکردن بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە باشووری جیهاندا بە هاوکاری لەگەڵ بزووتنەوەکانی هاودەنگی کە لە باکووری جیهاندا کاردەکەن. جی تی ئەی پردێکە بۆ پەیوەندی و بەیەکەوەبەستنی جێگرەوە رادیکاڵەکان و بەیەکتریان ئاشنا دەکات، بۆ ئەوەی پانتایی فێربوونی هاوبەش زیاد بکات و ڕێگاکانی سەربەخۆبوون بەهێز بکات. ئەم جێگرەوانە بریتین لە کۆمەڵگەکانی بەرگری لە دارستان، ڕووبار، شاخ، تۆو و خاک لە بەرامبەر تاڵانکردنی سیستەماتیکی سەرچاوە سروشتییەکان، پرۆسەکانی دیموکراسیی ریشەیی، خۆبەڕێوەبردن و خۆسەریی گەلانی ڕەسەن و جوتیاران و دەستپێشخەرییەکانی کشتوکاڵی ئیکۆلۆژی و سەربەخۆیی خۆراک و ئابووریی فێمینیستی و ئابووری چاودێری و شێوازەکانی هاوکاری و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکانی تەندروستی و جێگرەوەکانی فێرکردن و پەروەردەی گشتی. شێوازەکانی بەڕێوەبردنی هاوبەشی زەوی و ئاو و وزە، هەروەها ئابووریی هاوپشتی و هەرەوەزییەکان و سیستەمەکانی ئاڵوگۆڕی ناوخۆیی. هەموو ئەم جێگرەوانە پێویستیان بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە پەیوەندییەکانی دەسەڵات هەیە، بە تایبەتی ئەو پەیوەندییانەی کە لەگەڵ ڕەگەز و جۆری جیاوازەکان و شێوازەکانی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی پەیوەستن. جی تی ئەی هەوڵی داوە پانتاییەک دروست بکات کە تێیدا زانین، ئەزموون و نەریتە سیاسییە جۆراوجۆرەکان بتوانن بە یەکەوە کۆ ببنەوە، واتە پانتاییەک بۆ دروستکردنی ئاسۆیەکی فرەچەشن (pluriverse) بە مانای ڕاستەقینە پێک بهێنن بەبێ ئەوەی هیچ کۆمەڵگە یان بزوتنەوەیەک ناچار بکرێن تەنیا یەک مۆدێلی ژیان پەیڕەو بکەن. بە پشتبەستن بە تێکۆشانی زۆرینەی لایەن و کەس، جی تی ئەی هەوڵ دەدات تۆڕێکی نێوان-هەرێمی دروست بکات کە تێیدا خەباتەکان و ڕێکخراوەکان و جێگرەوەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکان بتوانن گوێ لە یەکتر بگرن، لە ئەزموونەکانی یەکتر فێرببن، هاوپشتیی قووڵتر دروست بکەن، و ئەو جیهانە جۆراوجۆرانە پیشان بدەن کە هەنووکە لە ناو و دەرەوەی کەلێنەکانی سیستەمە ستەمکارەکاندا بنیات دەنرێن. هەروەها، ئامانجی جی تی ئەی بەهێزکردنی توانای هاوبەشی بزووتنەوەکانە بۆ وەڵامدانەوەی ئاڵنگاری و قەیرانەکانی ئێستا و هاوکات کارکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوویەک کە شوێنی ژیانە جیاواز و فرەچەشنەکان بێت. بەم پێیە، جی تی ئەی یەک شێوازی چارەسەریی گشتی بۆ هەمووان پێشنیار ناکات، بەڵکو تۆڕ و بناغەیەکی هاوبەشە بۆ ناساندن، پاڵپشتیکردن و پەیوەستکردنی ئەو جێگرەوانەی کە ژیان دەپارێزن و ڕێگا بۆ شێوازەکانی ژیانێکی دادپەروەرتر و بەردەوامتر لە دەرەوەی سیستەمی باڵادەست سەرڕێدەخەن.
ئێمە ئایندەیەک بنیات دەنێین و وێنای دەکەین کە هیچ دەسەڵاتێک بەڕێوەی نەبات، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی لە خەباتی بەردەوام و بەهێزکراو لە ناو خەڵکەوە بنیاتنرابێت، خەباتێک لە رووی تاکتیکەوە لە دەرەوەی دەوڵەت و لە دژی دەوڵەت و سەرمایەداریدا دەجووڵێن. ئەم ئامانجەش بە هاوکاری یەکدی و لە ڕێگای بنیاتنانەوە، گەڕاندنەوەی چیرۆک دادپەروەری بۆ قوربانییان، بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و گەڕاندنەوەی مافەکان جێبەجێ دەکەین، بۆ پاراستنی ئەو مەرجانەی کە ژیان ممکن دەکەن. ئەمە واتە پاراستنی توانای سروشت بۆ نوێبوونەوە و دەستەبەرکردنی مافەکانی، گەڕاندنەوەی ئەو زانین و زمانانەی پشتگوێ خراون، بنیاتنانەوەی پەیوەندییە زیانلێکەوتووەکان لەنێوان گەلان و هاوکات لەگەڵ بوونەوەرانی دیکەش، بەهێزکردنی هاوپشتی لە ناو قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئیکۆلۆژییەکاندا. ئەمەش واتە دانپێدانان بەوەی هەموو جۆرەکانی ژیان پێکەوە پەیوەستن و مرۆڤ لە سروشت جیا نییە بەڵکو ئێمە خۆدی سروشتین کە بەرگری لە خۆی دەکات.
جی تی ئەی لەسەر ئەو باوەڕە بنیات نراوە کە لە سەرانسەری جیهاندا، گەل، کۆمەڵگە، بزووتنەوە و هەرێمی جیاواز بە شێوەی سەربەخۆ دژ بە ستەم و نادادپەروەری خەبات دەکەن و خۆیان ڕێک دەخەن. ئێمە ئەم هەوڵانە وەک تۆوێک بۆ هاوپشتییەکی جیهانی لە ناو کۆمەڵگەوە وەک پرۆسەیەکی کۆمەڵگەیی و کۆنفیدڕاڵی و پرۆسەیەکی هاوبەشی کە لە ڕێگای خەبات، پشتیوانی یەکدی، فێربوونی هاوبەش، گۆڕینەوەی ئەزموونی هەرێمی و بەرگریی کۆمەڵایەتی لە ژیان دەبێتە تۆڕێکی پەیوەندیدار .ئێمە بەرەو ئاسۆیەکی فرەجیهانی هەنگاو دەنێین، جیهانێک کە تێیدا پێکەوە لەسەر بنەمای هاوپشتی و هاوبەشیکردن و پاراستنی شکۆ و سەربەخۆیی و چاودێری پێکەوە بژین. لە دژی تاڵانکردنی سیستەماتیکی سەرچاوە سروشتییەکان و داگیرکاریی و پیاوسالاری و ڕەگەزپەرستی و مرۆڤسەنتەری و سیستەمی جیاکاری لەسەر بنەمای توانایی جەستەیی و دەروونی و میلیتاریزم و سیستەمی سەرمایەداری کە هۆکاری جەنگ، زەوتکردنی ماف، وێرانکردنی ژینگە و قوربانیدانە بە گەل و خاک. ئێمە پشتگیری تۆڕەکانی بەرخۆدان و ژیانەوەی دووبارە دەکەین، پشتگیری ئەو تۆڕانە دەکەین کە دەتوانن ژیان بپارێزن، زیانەکان قەرەبوو بکەنەوە و جێگرەوەی نوێ بۆ ژیانی هاوبەش بنیات بنێن. ئێمە بەم ڕۆحیەتەش، لەگەڵ هەموو بزووتنەوە و ڕێکخراوە رادیکاڵەکانی کۆمەڵگە دەوەستین کە هێشتا لە بەرخۆدان و سەرکەشبوون و بەرەنگاریی بەردەوامدان لە هەر شوێنێک کە شێوازەکانی ژیان و زانین و کارکردنی هاوبەش مەترسی و هێرشیان لەسەرە. هەروەها پابەندین بە بەهێزکردنی جی تی ئەی وەک یەکێک لەو پانتاییانەی کە هاوکاری و هاوپشتی و خەبات و نوێبوونەوە و دیدگای بەکۆمەڵ و خەونی هاوبەش تێدا دەچنینەوە.
کۆڕبەندی فەرشی جیهانیی جێگرەوەکان
contact@globaltapestryofalternatives.org